﻿پەیدابوون.
13.
ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ لوت لە میسرەوە چوونە نەقەب. 
ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو. 
قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێت‌ئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێت‌ئێل و عای، 
بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. 
هەروەها لوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. 
بەڵام خاکەکە لەوەڕگای پێویستی بۆ مەڕوماڵاتی هەردووکیان نەبوو، لەبەر ئەوەی دەستکەوتەکانیان هێندە زۆر ببوو کە نەتوانن پێکەوە بمێننەوە. 
ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی لوت ڕوویدا. لەو کاتەشدا کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون. 
ئینجا ئەبرام بە لوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک نەکەوێتە نێوان من و تۆ و نێوان شوانەکانم و شوانەکانتەوە، چونکە ئێمە مام و برازاین. 
ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.» 
لوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. 
لوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. بەو شێوەیە لە یەکتری جیا بوونەوە. 
ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، لوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو و لە نزیک سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. 
خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار بوون و گوناهیان دژی یەزدان دەکرد. 
دوای جیابوونەوەی لوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، 
چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە خۆت و نەوەکانت. 
نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش بژمێردرێت. 
بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.» 
ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد. 
