﻿زەبوورەکان.
12.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شێوەی شیمینیت. زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، ڕزگارمان بکە، چونکە کەسی خواناس نەماوە، چونکە لەناو ئادەمیزادان دڵسۆز نەماوە. 
هەمووان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن، بە لێوی ڕیایی و دڵی ساختەوە قسە دەکەن. 
یەزدان هەموو لێوە ڕیاییکەرەکان دەبڕێت، هەموو ئەو زمانانەی بە فیزەوە دەدوێن، 
ئەوانەی دەڵێن: «بە زمانی خۆمان زاڵ دەبین، بە لێوی خۆمان سەرکەوتوو دەبین. کێ هەیە ببێت بە گەورەمان؟» 
یەزدان دەڵێت: «لەبەر ستەمکاری لە هەژاران و ناڵەی کڵۆڵان، ئێستا ڕادەپەڕم، ئەو ئاسوودەییەیان دەدەمێ، لەوانەی پەستیان دەکەن.» 
وتەکانی یەزدان وتەی پاکن، وەک ئەو زیوەیە لە بۆتەی گڵین پاڵێورابێت، حەوت جار پاڵێوراوە. 
ئەی یەزدان، دەمانپارێزیت و هەتاهەتایە لەم جۆرە کەسانە پاسمان دەکەیت. 
بەدکارەکان بە هەموو لایەکدا بە ئازادی دەگەڕێن، کاتێک خەڵکی بە شان و باڵی خراپەدا هەڵدەدەن. 
