﻿زەبوورەکان.
112.
هەلیلویا! خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت، بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە. 
وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن، نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن. 
سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی، ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە. 
لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە، بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن. 
چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات، بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت. 
بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت، هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە. 
لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت، دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە. 
دڵی چەسپاوە و ناترسێت، لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبێت و شکستی دوژمنانی دەبینێت. 
بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە، ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە، بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە. 
بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت، ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە، ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت. 
