﻿ئیشایا.
4.
لەو ڕۆژەدا حەوت ژن یەک پیاو دەگرن و دەڵێن: «نانی خۆمان دەخۆین و بەرگی خۆمان لەبەر دەکەین، تەنها ڕێگا بدە با بە ناوی تۆوە بانگ بکرێین. ڕیسواییەکەمان ڕاماڵە!» 
لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان دەبێتە جوانی و شکۆ، بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل. 
جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە، پێی دەگوترێت، پیرۆز، هەموو ئەوانەی کە خودا بۆ مانەوە لە ژیان لە ئۆرشەلیم هەڵیبژاردوون. 
پەروەردگار پیسیی کچانی سییۆن دەشوات؛ بە ڕۆحی حوکمدان و سووتان خوێنەکانی نێو ئۆرشەلیم پاک دەکاتەوە. 
ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە، بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت، لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت. 
بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا. 
