﻿ئیشایا.
31.
قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی، پشت بە ئەسپ دەبەستن، متمانە بە زۆری گالیسکە و هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن، بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و داوای یەزدانیان نەکرد. 
ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت، لە وشەی خۆی با ناداتەوە. هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران. 
بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا، ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح. کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات، یارمەتیدەر ساتمە دەکات و یارمەتیدراو دەکەوێت، هەموو پێکەوە لەناودەچن. 
ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت: «وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت بەسەر نێچیرەکەیەوە، ئەوەی کۆمەڵە شوان هاواری لێ دەکەن، لە دەنگیان ناترسێت و لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت، ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی. 
وەک باڵندە فڕیوەکان، ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات، پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت، بەسەریدا تێدەپەڕێت و دەربازی دەکات.» 
بگەڕێنەوە لای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل بە قووڵی لێی هەڵگەڕانەوە، 
چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن. 
«ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا، شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات. جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن. 
قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت، میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،» یەزدان دەفەرموێت، ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم. 
