﻿ئاشکراکردن.
15.
پاشان نیشانەیەکی گەورە و سەیری دیکەم لە ئاسماندا بینی: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت. 
پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو. 
سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی و دەیانگوت: «ئەی یەزدان، خودای هەرە بەتوانا، کارەکانت گەورە و سەیرە! ئەی پاشای نەتەوەکان، ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە. 
ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و ناوت شکۆدار ناکات؟ چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت. هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن، چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.» 
پاش ئەوە تەماشام کرد و بینیم لە ئاسماندا شوێنی هەرەپیرۆز لە چادری پەیمان کرایەوە. 
حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو. کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشیبوو و چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو. 
یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە. 
پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵی شکۆ و هێزی خودا و هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون، کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە. 
